Tbilisi Photo Festival 2021

سەرەتای دەستپێکردنم بە وێنەگرتن هەندێ لە هاورێییانی وێنەگری کورد لە رێگەی ئاژانسی مێترۆگرافی بەشداریان کرد لە فستیڤالی تەبلیسی لە جۆرجیا و من لەو کاتەوە بە هیوا بووم رۆژێک بتوانم بە وێنەکانم و بە تەنیا بەشدار ببم لەم فستیڤالە

رۆژ هات و چوو و من سەرقالی کارەکانی خۆم هەر لە بیرم چوو وێنەکانم بۆ ئەم فستیڤالەش بنێرم و ئەم سالانە هیچ کات بەشداریم نەکرد لەو فستیڤالە

چەند رۆژ لەمەوبەر خۆیان پەیوەندییان پێمەوە کرد و وتیان وێنەکانی تۆمان لە پرۆژەی ئایەندە بینیوە و هەلمانبژاردووی بۆ ئەوەی لە بەرنامە فەرمی فستیڤالی ئەمسالی تەبلیسی کارەکانت نمایش بکەین

زۆر خۆشحالم بەم دەرفەتە و دەزانم چەند گرنگە ئەم رووداوە

بە بیرم دێت جاران و لەسەرەتای وێنەگرتن پرسیاری ئەوەم لە کەسانی تر دەکرد کە چۆن بەشدار ببین لەم جۆرە فستیڤال و پلاتفۆرمانە و یەکێکیان وتی: تۆ کاری باش بکە ئەوان خۆیان دەنێرن بەدوات

ئەو کات ئەم وتەیەم بە هەند وەرنەگرت بەلام ئێستا بۆم دەرکەوت کە زۆر راستە و کە کاری باشت هەبێت خۆیان دەنێرن بەدوات

ئەوەم بۆ ئەوە گێرایەوە تا ئەوانەی لە سەرەتای رێگەن بزانن لەم هونەرە چۆن جێی خۆت بدۆزیتەوە

هێشتا بەرنامەی کاری فستیڤال بە روونی دیار نەکراوە بەلام وەک ئاگادارم وێنەکانم لە شەوانی فستیڤال نمایش دەکرێت

لە ٩ سپتەمبەر تا ١٠ی ئۆکتۆبەر واتە بۆ یەک مانگی تەواو وێنەکان سکرین دەکرێت

تەبلیسی فۆتۆ فستیڤال ئەم کارە بە هاوبەشی لەگەل مۆزەخانەی مۆلتی میدیا دەکات

بە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموولایەک



Antiparos International Photo Festival 2021

لە مانگی پێنجی ئەمساڵ بوو کە ئاگادار کرام کە پرۆژەکەم وەرگیراوە بۆ فستیڤالی نێودەولەتی وێنەی ئەنتیپارۆسی یۆنان و هەر ئەو کاتیش بە نووسراوێک بۆ بەشداری لە فستیڤالەکە بانگهێشت کرام و منیش هەولەکانی خۆم دەستپێکرد بۆ ئەوەی لە کاتی بەرێوەچوونی فستیڤالەکە لەوەێ ئامادە ببم بەلام بە داخەوە بە هۆی کیشەی ڤیزەوە نەمتوانی ئامادە ببم و ئەم دەرفەتەم لە دەست چوو

کە دەلێیم دەرفەت مەبەستم لەوەیە کە بە ئامادە بوونی خۆم دەمتوانی لە پاڵ وێنەکانم باسی پێشمەرگە و کورد و ئەوەی بەسەرمان هات بکەم و بۆ کەسانی ئامادە بوو لە فستیڤالەکە ئەم بابەتە زیاتر و باشتر روون بکەمەوە کە بێ گۆمان ئامانجی سەرەکی دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیەش هەر ئەوە بوو واتا زیاتر و باشتر ئاگادار کردنەوەی خەلک لە جیهاندا کە بەداخەوە بە هۆی نەبوونی پالپشتی ناوخۆیی ئەم دەرفەتە نەهاتە دی

لێرەدا کورتە ڤیدئۆیەک هەیە کە شوێن و چۆنیەتی ئامادە کردن و بەرێوەچوونی فستیڤالەکە پیشان دەدات

بەو هیوایەم کەسانی تر وەک  من ئەم جۆرە دەرفەتانەیان لە دەست نەچێت 

Using Format