Colorbars Film Production

کۆتاییەکانی وەرزی بەهار بوو کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم بۆ هات و خانمێک بە عەرەبی دەستی بە قسە کرد و خۆی ناساند، پێم وت کە من عەرەبییەکەم باش نیە و ئەگەر بکرێت با بە ئێنگلیزی قسە بکەین، ئیتر دوای ئەوەی خۆی ناساند،  وتی لە بەیروت پەیوەندی دەکات و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی میدیایین و دەیانەوێت زەنجیرەیەک بەرهەم بێنن لەسەر هونەرمەندانی عێراقی و منیان هەلبژاردووە و قەرار وایە بەشێک لەم زەنجیرەیە لەسەر من بێت و ڕای منی پرسی، دوای ئەوەی خۆشحالی و پێزانینی خۆمم دەربڕی پێم وت بە مەرجێک من بە کوردی قسە بکەم و وەک هونەرمەندێکی کورد بدرێمە ناسین، وتی دەبێ لەگەڵ تیمەکەیان قسە بکات بۆ ئەم بابەتە و دواتر ئاگادارم دەکاتەوە. 

ماوەیەکی زۆری پێ چوو و هیچ دەنگیان نەما و لەهەمان کاتیش ئاگادار بووم لەگەل کەسانی تر لە گفتگو دابوون بۆ ئەم زەنجیرەیە و منیش جۆرێک دڵنیابووم ئێتر پەیوەندیم پێەوە ناکرێت، دوای نزیکی مانگێک هەمان خانم تەلەفۆنی کردەوە و وتی تیمی بەرهەمهێان کێشەیان نیە کە تۆ بە کوردی قسە بکەیت و دواتر قسەکانت ژێرنووسی عەرەبی دەکەین و دواتریش باسی کرد کە ئەم زەنجیرەیە بۆ تەلەفیزیۆنی شەمس دەکەن و دواتر تەنانەت بەڕواری هاتنیانی لەگەڵم دیار کرد و هەموو شتێک بڕایەوە.

زۆری پێنەچوو شەڕی نێوان ئێران و ئێسرائیل دەستی پێکرد و ماوەیەکی زۆر هیچ دەنگێکیان نەمابوو و وتم لەوانەی لەبەر بارودۆخەکە وازیان لەبیرۆکەکەیان هێناوە. 

دوو هەفتە لەمەوبەر دیسان پەیوەندییان کرد و دوای چاک و چۆنی وتیان لەم رۆژانەی دێینە هەولێر و تۆماری بەرنامەکە دەکەن، ئەوەی ڕاستی بێت لەبەر ئەوەی زۆری خایاندبوو ئیتر ئەو شەوقەم نەمابوو و لە ڵایەکی تریش دەموت دیسان شتێک دێتە ئارا و ئەوە نابێتە راستی. 

ئەم جارە ژوانیان راست دەرچوو و لە بەڕواری دیاری کراو هاتن و چاومان بە یەک کەوت و دوو رۆژی تەواو خەریکی تۆمار کردنی ئەم بەرنامەیە بووین کە لەسەر من و چیرۆک و پرۆژە وێنەییەکانم بوو و دوێنێ تۆماری کارەکان تەواو بوو و قەرارە مانگێکی تر ئامادەی پەخش ببێت، دەرهێنەرەکە زۆر بە ئەزموون دیار بوو و کارەکان زۆر بە جوانی بەرێوەدەچوو و من ئەم شێوازە پێشەییەم زۆر بە دڵ بوو و ماندووبوونی لێ دەڕواندم. 

کۆمپانیاکە ناوی کالێربارزە و ئۆفیسیان لە بەیرۆتە و بەرنامەکە بۆ شەمس دەکرێت، زۆر تامەزروومە زووتر چاوم بە بەرهەمی ئەم کۆمپانیایە بکەوێت.



Using Format